Sînema Awêney Netewekan
Nivîsa: سینەما، ئاوێنەی نەتەوەکان / هاوار ڕەحیمی – (Hawar Rehîmî / “Sînema Awêney Netewekan”)
ئێمە، مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان بەپێی وێنەیەک لەوان کە دە مێشکی ئێمە دا چێ بووە دەناسین و ئەو وێنەیە یا خۆیان دروستیان کردووە یا کەسانیتر بۆیان وێنا کردوون. سینەما وەکوو هونەر و ئامرازێک لە سەردەمی ئێستا دا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر چێ کردنی وێنەکان لە بیر و هزری مرۆڤەکان دا هەیە، بۆیە وڵات و نەتەوە جیاوازەکان شەڕێکی نەرم لەسەر سەپاندنی هەیمەنەی فکری و کلتووری خۆیان لە ڕێگەی سینەماوە بەسەر نەتەوەکانی تردا دەکەن و باش دەزانن کە گرتنە دەستی سینەما یانی داگیرکردنی مێشکی ئەوانی تر بە وێنەی دڵخوازی خۆیان. بە گشتی هەر وڵات و نەتەوەیەک ئاراستەیەکی تایبەتیان لە سینەما دا هەیە و خۆیان بە جۆرە سینەمایەک دەناسێنن، کە وەکوو ئاوێنەیەک لەودا خۆیان وێنا دەکەن و لەو ڕیگایەوە خۆیان بە ئەوانی تر دەناسێنن و یا سرنجی ئەوانی تر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، کە دەتوانین لەو ڕێگەوە ئاستی رۆئیا و خواستی ئەو نەتەوە و سایکۆلۆژیای ئەو بناسین.
سینەمای کوردی، گەلی کورد چۆن وێنا دەکات؟
بە سرنج دانە سەر ڕەوتی گشتی سینەمای کورد کە زۆرتر بە شێوازەکی رێئالیستی سرنجی خستۆتە سەر بارودۆخی کوردستان و هەوڵی داوە دۆزی کورد بە جیهان نیشان بدا، دەتوانین پەی بە هەندێک لاوازی ببەین کە لە ناخی گەلی کوردەوە هاتونەتە ناو سینەما و وەک شێوازێکی بیرکردنەوەی گشتی لە ناو کورد دا جێگایان گرتووە و وەک پێناسەی ئەم گەلە وێنا کراون. سینەمای کوردی، کورد وەکوو هێمای گەلێکی غەدرلێکراو و چەوساوە پێشان دەدا کە ناتوانێ خۆی لە گێژاو دەربخات و بەردەوام سەرکوت دەکرێ. کاراکتێری کورد لە ناو فیلمەکان ، وەک مرۆڤێکی بێ هێز دەردەکەوێ کە هیچکات رۆئیای گەورەی نییە و ناتوانێ ڕەوتی پێشهاتەکان بە قازانجی خۆی بگۆڕێ و وەکوو قارەمان دەرکەوێ.
شێوازی بیرکردنەوەی سینەمای کوردی لە کوێ و لە چی سەرچاوەی گرتووە؟
بە ئاوڕدانەوەیەک بۆ مێژوو دەتوانین بنچینەی ئەم فکرە ببینینەوە، کورد وەکوو گەلێک کە سەدان ساڵە مافەکانی لێ زەوت کراوە و بە هەر شێوازەک هەوڵی سڕینەوی دراوە و دەنگی ئازادی کپ کراوە و داواکانی بە کوشتن وڵام دراوەتە، لە ژێر کاریگەری ئەو هەموو جەور و ستەمە دا و لە نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد دا، خۆی پێ غەدرلێکراو بووە و خۆی بە بێ دەسەڵات دیتووە کە نەیتوانیوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، و بەردەوام داگیرکەرانی کوردستان کاریان بۆ دەروونی کردنی ئەم بیرکردنەوەیە بە هەموو شێوازەک لە ناخی کورد دا کردووە و لە چوارچێوەی سیاسەتە داگیرکاریەکانی خۆیان دا پەیڕەویان کردووە. بەداخەوە بۆ هۆی خوێندنەوەیەکی نادروست زۆر لە هێزە سیاسییەکان و هونەرمەندانی کوردستان چۆنەتە ناو ئەو بازنەیە و بەردەوام کاریان لەسەر زەق کردنەوە و وێنا کردنی ئەو بەشە دا کردووە. بەردەوامبوون و دووپاتکردنەوەی ئەو پرسە بە درێژایی چەندین ساڵ بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو جۆرە بیرکردنەوە ببێتە بەشێک لە ناخۆئاگای کۆمەڵی کوردی.
ئایا کۆمەڵگا و تاکی کورد تەنیا ئەم وێنەی هەیە بۆ نیشاندان؟
بە سرنج خستنە سەر کۆمەڵگا و گەڕانێک لە دەروونی کورد دا، دەتوانین زۆر خاڵی ئەرێنی و بەهێز بدۆزینەوە کە دەتوانن ببن بە پێوەرێک بۆ نیشاندانی کورد. گەلی کورد بەردەوام ئاڵای یەکسانی و دادپەروەری بەرز کردۆتەوە و خەباتی بۆ بە دەست خستنی بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان کردووە و تاکی کورد هەمیشە مرۆڤدۆست و خاوەنی رۆئیای بەرزی ئازادی بووە. بە سرنج دانە سەر رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی کوردستان و بە تایبەت دوای بەرخۆدانی کۆبانێ، وێنەیەکی نوێ لە کورد دروست بوو کە تەواو پێچەوانەی وێنەکەی بەرێ بوو و سەربڵیندی و هێزی بۆ گەلی کورد هێنایە ئارا و دونیای سەرسامی ئەو وێنەیە کرد، کورد لە گەلێکی بێهێز، بوو بە گەلێکی بەهێز کە پێشەنگایەتی شۆڕشێکی مرۆڤانە لەسەر دەستی ژن بۆ بەدەست خستنی مافەکانی دەکات و توانی ڕای گشتی جیهانی بۆ لای خۆی ڕابکێشی، ئەرکی ئێمەیە کە ئەم وێنەیە لە خۆمان بەردەوام بکەین. هەروەها ئێمە لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان داستانی زۆر گەورە و خەباتی زۆر گەورەمان لە هەموو بوارەکان دا هەیە کە دەتوانین بیانکەین بە ئاوێنەی خۆمان.
ئایا پێویستە وێنەی خۆمان بگۆڕین؟ و سینەما دەتوانێ چ ڕۆلێک بگێڕی؟
کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست کە خەبات بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانی دەکات، پێویستی بە بە شۆڕشێکی هونەری، سیاسی، زانستی هەمەلایەن هەیە کە هەموو بەشەکانی کاریگەر لەسەر کۆمەڵگای کوردی هاوتەریب کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و بیکەن بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی نەگریسی ئەم گەلە. چۆن دووپاتکردنەوەی ئەم شێوازە بیرکردنەوە، بەردەوام کردنی هزری چەوساوەیی و بێ هێزی گەلی کوردە و درێژ کردنی ماوەی داگیرکاری مێشکی کورد و بندستی گەلی کورد دەبێت. سینەما وەکوو ئامرازێکی بەهێزی وێناکردن لە سەردەمی ئێستا دا، چەکێکی هونەری بەهێزە بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی وێنەی کورد و گۆڕانکاری بنچینەیی لە هزر و بیری گەلی کورد. پێویستە سەرەڕای ئەوە کە دەبێت وێنەیەکی نوێ و بەهێز لە خۆمان نیشان بدەین، تەنانەت دەبێت لە نیشاندان و وێنا کردنی داگیرکەرانمان نەوەستین و بتوانین ئەوان بۆ جیهان وێنا بکەین. دروست کردنی وێنەیەکی نوێ و بەهێز لە کورد، کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی مۆڕاڵ و هەستی گەلی کورد هەیە و لە چاوی دونیاوە وێنەی پێشوومان دەگۆڕدرێ کە دەتوانین کاریگەری باشترمان لە هاوسۆزکردنی و ڕاکێشانی گەلانیتر بۆلای پرسی کورد هەبێ.
هیوادارم ئەم بابەتە گرینگە کە پێویستی بە لیکۆڵینەوە و کارێکی جیدی هەمەڕەهەند هەیە، زۆرتر بێتە بەرباس و ببێتە بابەتێکی گرینگی لێکۆڵینەوە بۆ هونەرمەندان و رووناکبیرانی کورد.
(*Ev nivîs cara ewilî di hejmara sêyem a “Sînemaya Serbixwe” de hatibû weşandin.)
Sînemaya Serbixwe – www.sinemayaserbixwe.com